واتای الله اكبر
ڕۆژانه ده‌یان جار له نوێژه‌كانمان و دوای نوێژه‌كانمان ده‌ڵێین «الله اكبر»، لانیكه‌م بیست و پێنج جار به ده‌نگی به‌رز له منارهكانهوه گوێمان لێ ده‌بێت. وشه‌یێك كه به گوێی هه‌ر خاوه‌ن باوه‌ڕێك ئاشنایه؛ به‌ڵام چه‌نده بیرمان له واتاكه‌ی كردۆته‌وه؟
«الله اكبر» واته خوا گه‌وره‌تره؟ به‌ڵام چۆن گه‌وره‌تره و مه‌به‌ست چییه؟
پێش هه‌رشتێك بڵێین كه سه‌ره‌كیترین واتای «خوا گه‌وره‌تره»، ئه‌وه‌یه كه خوا له‌وه گه‌وره‌تره كه له‌گه‌ڵ هه‌ر كه‌س یا هه‌ر شتێكی تر به‌راورد بكرێت. له‌هه‌ر بواره‌وه بۆی بڕوانین، خوا تاكێكی ته‌واو و كه‌ماڵه. به‌س ته‌نیا بۆ تێگه‌یشتنی زۆرتر له گه‌وره‌یی خوا، له چه‌ند ڕوویێکه‌وه كه عه‌قڵ و ئاوه‌زی ئینسان ده‌ركی ده‌كات، باس له چه‌ند خاڵێك ده‌كه‌یین.
بۆ نموونه كاتێك به كه‌سێك یا شتێك ده‌ڵێن گه‌وره، زۆرتر به‌هۆی چه‌ند هۆكارێكه‌وه‌یه. یا له بواری جه‌سته‌یی و ڕواڵه‌تییه، یا سه‌روه‌ت و سامانی زۆری، یا هێز و ده‌سه‌ڵاتی یا عیلم و زانستی و…
جا بزانین بۆچی به خوای گه‌وره ده‌ڵێین ئه‌كبه‌ڕ؟ و خوا له چ ڕوویێكه‌وه گه‌وره‌یه؟
له‌ڕووی ڕواڵه‌ته‌وه ئێمه ناتوانین قسه له‌سه‌ر چۆنیه‌تی و چه‌ندییه‌تی خوا بكه‌یین؛ چونكه خوای گه‌وره مادده نییه و زه‌ینی مرۆڤیش بێهێزتر و داماوتر له‌وه‌یه كه بۆی ده‌رك بكرێت و خوای گه‌وره‌ش له كتێبه پیرۆزه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی پێ نه‌كردووه، به‌س له فهرموودهیێكی پێغه‌مبه‌ری خۆشه‌ویستماندا هاتووه كه ته‌نیا كورسی خوای گه‌وره به به‌راورد له‌گه‌ڵ حه‌وت ئاسمانه‌کان و زه‌وی، وێنه‌ی ئاڵقهیێكه كه له بیابانێكی گه‌وره‌دا كه‌وتبێت و گه‌وره‌یی عهڕشیش به به‌راورد له‌گه‌ڵ كورسی به‌هامه‌ن ڕێژه‌یه. (خوا هه‌ر بۆخۆی ده‌زانێت)
هه‌روه‌ها خوا گه‌وره‌یه؛ به هۆی ئه‌وه‌یكه ده‌وڵه‌مه‌نده. خوای گه‌وره خاوه‌نی حه‌رز و ئاسمانه‌كانه. خه‌زێنه‌ی حه‌رز و ئاسمانه‌كان ئی خوای مه‌زنه. ده‌وڵه‌مه‌ندترین كه‌سی سه‌ر زه‌وی چه‌ند ملیارد دۆلاری هه‌یه؟! یا به واتایێكی تر خاوه‌نی له‌سه‌تا چه‌ندی زه‌وییه؟! له‌كاتێكدا نه‌ك هه‌موو زه‌وی و هه‌موو بوونه‌وه‌ران و هه‌موو ئاسمانه‌كان، به‌ڵكوو ته‌نانه‌ت خاوه‌نی دونیا و دواڕۆژه و هه‌رچی هه‌یه هه‌ر ئی ئه‌وه و ئێمه‌ش هه‌ر ئی ئه‌وین!! «وَللهِ خَزَائِنُ السَّمَواتِ وَالأرضِ…» یا «لَهُ مَافِی السَّمَوَاتِ وَالأرضِ…» بهواتایێكی تر، خوا نه‌ك هه‌ر ده‌وڵه‌مه‌نده، به‌ڵكوو ته‌نیا ده‌وڵه‌مه‌ند و بێ‌نیاز هه‌ر ئه‌وه و هه‌ر هه‌موومان به‌هه‌موو بوون و نه‌بوونه‌وه، موحتاج و ئاتاجی خوای گه‌وره‌یین: «یَاأَیُّهَا النَّاسُ أنتُمُ الفُقَراءُ إلَی الله وَاللهُ هُوَ الغَنِیُّ الحَمِیدُ» (فاتێر:١٥)
خوا گه‌وره‌یه؛ چونكه زانایه. زانا به ته‌واوی زانسته‌كان، به ئاشكرا و شاراوه‌كان، زانا به نهێنییه‌كانی نێو ده‌ڵه‌كان. هه‌رچی هه‌یه له‌ژێر عیلم و زانیاری ئه‌و دایه: «إِنَّهُ بِکُلِّ شَیءٍ عَلِیمٌ» زاناترین كه‌سه‌كانی سه‌ر گۆی زه‌وی، ئه‌گه‌ر هه‌ر هه‌مووشیان كۆبنه‌وه، زانسته‌كه‌یان به به‌راورد له‌گه‌ڵ خوا، به ڕێژه‌ی دڵۆپێك له ئاست هه‌موو زه‌ریاكان نابێ. واته هیچ له‌به‌رامبه‌ر بێكۆتایی، واته نه‌ك زانا، به‌ڵكوو زاناترین و ته‌نیا زانایه.
خوا گه‌وره‌یه؛ چونكه ده‌سه‌ڵاتدار و فه‌رمانڕه‌وای حه‌رز و ئاسمانه. هه‌رچی هه‌یه له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی خوای گه‌وره دایه: «فَسُبحَنَ الَّذِی بِیَدِهِ مَلَکُوتُ کَلِّ شَیءٍ وَ إِلَیهِ تَرجَعُونَ» (ی‌س:٨٣)
هه‌موو ده‌سه‌ڵاتدارانی سه‌ر گۆی زه‌وی، ڕۆژێك كۆتایی به ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان دێت و تاكه ده‌سه‌ڵاتدارێك ده‌مێنیته‌وه، ئه‌ویش خوای گه‌وره‌یه، واته نه‌ك ده‌سه‌ڵاتدار، به‌ڵكوو ته‌نیا ده‌سه‌ڵاتداره: «یَومَ هُم بَارِزُونَ لَا یَخفَی عَلَی اللهِ مِنهُم شَیءٌ لِّمَنِ المُلکُ الیَومَ لِلهِ الواحِدِ القَهَّارِ» (غافێر:١٦) هه‌روه‌ها هه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارێكی سه‌ر زه‌وی، سنوورێك بۆ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی هه‌یه و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌شی سنووردار به ناوچه و وڵاتێك و كاتێكه. له كاتێكدا بۆ خوای گه‌وره نه سنوورێك بۆ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی هه‌یه و نه فه‌رمانڕه‌واییه‌كه‌ی بۆ شوێن و كاتێكی دیاریكراوه. به‌ڵكوو بۆ ته‌واوی حه‌رز و ئاسمانه‌كان بۆ هه‌تاهه‌تایی، فه‌رمان به‌س فه‌رمانی خوای گه‌وره‌یه. كه‌واته خوای گه‌وره تاكه فه‌رمانڕه‌وا و ده‌سه‌ڵاتداره و ئه‌وه‌ی داوای فه‌رمانڕه‌وایی بكات، بێجێی كردووه.
كه‌واته كاتێك كه ده‌ڵێین «الله اكبر»، هێز و ده‌سه‌ڵات و عیلم و فه‌رمانڕه‌وایی خوای گه‌وره له‌خۆی ده‌گرێت و چونكه «اكبر» به شێوه‌ی پله‌ی باڵا هاتووه، واته خوا له‌هه‌رچی غه‌یری خۆیه‌تی، گه‌وره‌تره. كه‌واته لێره‌دا جۆرێك قۆرغكاری ده‌گێنیت. واته ته‌نیا ده‌سه‌ڵاتدار، ته‌نیا زانا و ته‌نیا فه‌رمانڕه‌وا هه‌ر خوایه.
جا كاتێك كه خوایێك ئه‌وه‌نده گه‌وره بێت كه ته‌نیا ده‌سه‌ڵاتدار و فه‌رمانڕه‌وا بێت، جۆرێك ترس له دڵی بڕواداردا دروست ده‌كات كه له ئاست گه‌وره‌یی ئه‌و خوایه‌دا، سه‌ری ملكه‌چی دانوێنیت و له‌فه‌رمانی ده‌رنه‌چێت. ئه‌گه‌ر ئه‌وه نه‌كات، دیاره وه‌ك پێویست خوای به گه‌وره نه‌ناسیوه یا بڕوای پێ نه‌كردووه، چونكه ناكرێ كه‌سێك بڕوای به گه‌وره‌یی خوا بێت و له نافهرمانیكردنیشی نه‌ترسێت!!
فه‌رمانڕه‌وایی خوای گه‌وره به‌ڕاده‌یێك له‌سه‌رووی هه‌موو شتێكه، كه ته‌نیا و ته‌نیا فه‌رمانی خوای گه‌وره له ئارا دایه. هیچ كه‌س مافی ئه‌وه‌ی نییه كه ته‌نانه‌ت بیر له‌وه بكاته‌وه كه فهرمانلێدهر بێت. هه‌روه‌ها فه‌رمانی خوای گه‌وره به‌ته‌واوی و كامڵی پێویسته جێبه‌جێ بكرێت. چونكه كاتێك باس له گه‌وره‌یی كه‌سێك ده‌كه‌یین، حه‌تمه‌ن ده‌بێ كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌وڵوێستی كه‌سه‌كان دا‌نێت و ترس و هیوای له‌دڵدا دروست بكات. چونكه ناكرێ كه‌سێكمان پێ گه‌وره بێت و دان به هێز و ده‌سه‌ڵاتی دانێیین و له نافهرمانیكردنیشی نه‌ترسین!! و چونكه ده‌سه‌ڵات و گه‌وره‌یی خوا، هاوكات تێكه‌ڵی سۆز و ڕه‌حم و دادپه‌روه‌رییه، جۆرێك خۆشه‌ویستی و هیواش له‌دڵدا دروست ده‌كات. به واتایێكی تر ده‌توانین بڵێین، ئه‌كبه‌ڕبوونی خوا «خشیت» له دڵدا دروست ده‌كات. «خشیت» واته ترسێك به‌هۆی گه‌وره‌یی و شیاوی كه‌سێك و تێكه‌ڵ به هه‌ستی خۆشه‌ویستی كه ئه‌و هه‌سته‌ش ته‌نیا شیاوی خوای گه‌وره‌یه.
كه‌واته كاتێك كه ده‌ڵێین: «الله اكبر»: ترسێك له دڵ ده‌نیشێت كه نه‌كا له فه‌رمانی خوای خۆشه‌ویستی ده‌رچێت و هیوایێكیش هانی ده‌دات كه زۆرتر گوێڕایه‌ڵی بێت. جا ئه‌گه‌ر ئه‌كبه‌ڕبوونی خوا ئه‌و هه‌سته‌ی له‌دڵدا دروست كردین و هه‌ركات گوتمان: «الله اكبر»، هه‌ستمان به گه‌وره‌یی و هێز و ده‌سه‌ڵاتی خوا كرد و وای لێ كردین كه هه‌ر ئه‌و كاته سه‌ری به‌ندایه‌تی بۆ دانوێنین و له فه‌رمانی ده‌رنه‌چین، ئه‌وه له واتای «الله اكبر» تێگه‌یشتوویین.
«الله اكبر» له ژیاندا:
به‌ڵام ئایا ته‌نیا به‌زمان گوتن و دوپاتكردنه‌وه‌ی له دوای هه‌موو نوێژان و هه‌موو به‌ره‌به‌یانیان و ده‌مه‌وئێواران، ته‌واوه و ده‌بێته هۆی سه‌ركه‌وتن و ڕزگاربوونمان!؟ یا ئایا ئه‌گه‌ر گوتمان و له واتاكه‌شی تێگه‌یشتین، به‌ڵام له كرده‌وه‌دا هیچ بایه‌خێكی پێ نه‌ده‌یین، به‌ڕاستی دانمان به ئه‌كبه‌ڕبوونی خوا داناوه!؟ بێگومان نه‌خێر. ئه‌جر و پاداشی زیكر و ته‌سبیحاتی خوا یه‌كجار زۆره، به‌ڵام ئه‌وه بۆ كاتێكه كه هه‌م له واتاكه‌ی تێبگه‌یین و هه‌م هه‌ڵوێستیشمان به‌ره‌و چاكسازی بگۆڕێت و كاتێك كه ده‌ڵێین: «الله اكبر»، خوا به‌ده‌سه‌ڵاترین، گه‌وره‌ترین، زاناترین و به‌هێزترین بزانین. به واتایێكی تر خوا به؛ ته‌نیا گه‌وره، ده‌سه‌ڵاتدار و به‌هیز بزانین و ته‌نیا فه‌رمانی ئه‌و به‌ڕه‌وا بزانین و به‌ته‌واو و كه‌ماڵ، په‌یڕه‌وی لێ بكه‌یین.
ئه‌گه‌ر وانه‌بووین، پێویسته به‌خۆماندا بێینه‌وه. چونكه فه‌رمانی خوا له‌سه‌رووی هه‌مووشتێكه، له‌سه‌رووی داخوازی كه‌سه‌كان و ئاره‌زووی نه‌فسه.
بۆیه؛ كاتێك ده‌ڵێین: «الله اكبر» و له‌و كاته‌دا خه‌ریكی ته‌ماشاكردنی فیلمێكی ناپه‌سه‌ند بووین، یا له‌سه‌ر موبایله‌كه‌مان كاناڵێكی ناشه‌رعیمان كردبێته‌وه و چاومان له شتانێكی ناپه‌سه‌ند و حه‌رام بڕیبێت، ئه‌وه ده‌بێت «الله اكبر» گوتنهكهمان، چاومان داخات له ئاست حه‌رام و بمانگه‌ڕێنیته‌وه.
كاتێك ده‌ڵێین: «الله اكبر» و بۆ مه‌ڕاسیمێكی ناشه‌رعی بانگه‌شه ده‌كرێین و ده‌ڵێین ئاخر به‌خاتری خوشكم یا كاكم، هاوڕێم یا دۆستم ناچارم بچم، پێویسته بیر بكه‌ینه‌وه كێ ئهكبهڕه!؟ خوا یا خۆشه‌ویستانی دیكه‌مان!؟
ئه‌گه‌ر له مناره‌ی مزگه‌وته‌وه گوێمان له «الله اكبر» ده‌بێت كه بانگمان ده‌كات به‌ره‌و «حی علی الصلاه» و ئێمه هه‌روا خه‌ریكی كار و كاسپی و ئیشی خۆمانین، له‌كاتێكدا نیوكاتژمێر كاردواخستن، زهرهرێكمان لێ نادات، ده‌بێ ئه‌و «الله اكبر»ه به‌ره‌و نوێژی جه‌ماعه‌ت له مزگه‌وت هانمان بدات و نوێژه‌كه‌مان پێش كاره‌كه‌مان بخات.
كاتێك ده‌ڵێین: «الله اكبر» و له‌كاتێكدا ئه‌ڵڵا فه‌رمانی پێ كردوویین به باڵاپۆشی و ئاره‌زووی نه‌فسمان، پێشمان پێ ده‌گریت، ئاگادار بین كه هه‌وای نه‌فسمان نه‌بێته ئه‌كبه‌ڕ و نافه‌رمانی خوای گه‌وره نه‌كه‌یین.
گه‌ر به زمان گوتمان: «الله اكبر» و له‌ولاوه دڵمان پڕ بوو له ڕق و بوغز و ئیره‌یی و دووڕوویی، ده‌بێ ئه‌و «الله اكبر» گوتنه‌مان، له زمانه‌وه به‌ره‌و دڵ بڕوات و دڵ له هه‌موو ئه‌و ناپاكییانه پاك كاته‌وه و تۆوی سۆز و ئه‌وین و متمانه‌ی لێ بچه‌قێنیت.
كه‌واته «الله اكبر»، به‌س وتهیێك نییه كه ڕۆژانه له‌گه‌ڵ ته‌سبیحات بیڵێینه‌وه و هیچ كاریگه‌ریشی له‌سه‌ر ژیانمان نه‌بێت. به‌ڵكوو خۆی قوتابخانهیێكه و دهریایێكه له‌وانه‌ی فه‌رمانبه‌رداری و سه‌ری به‌ندایه‌تی بۆ خوا دانواندن.
نووسینی: كلسووم حه‌سه‌نزاده